Image

لە پانێڵێکی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستاندا تاوتوێی دۆخی دارایی و ڕۆڵی بانکی ناوەندی لە ڕێکخستنی نرخی دراودا کرا

ڕێکەوت : 19 - Oct - 2026

١٤/١٠/٢٠٠٦ 

لە چوارچێوەی بەستنەوەی زانستی ئەکادیمی بە واقیعی ئابووریی بازاڕ، بەشی ژمێریاری لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان (KTI)، ڕۆژی چوارشەممە پانێڵێکی زانستی و دارایی لەژێر ناونیشانی (ڕۆڵی بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕێکخستنی نرخی دراو و کاریگەرییە داراییەکانی لە ڕۆشنایی پێشهاتە ئابوورییەکانەوە) لە هۆڵی کۆنفرانسی پەیمانگە سازکرد.

لە پانێڵەکەدا، کە بە ئامادەبوونی ڕاگرایەتی و مامۆستایان و خوێندکارانی پەیمانگە و ژمارەیەک لە پسپۆڕان و بازرگانان بەڕێوەچوو، شیکارییەکی زانستیی ورد بۆ سیاسەتی نەختینەیی عێراق، کێشەی سەربەخۆیی بانکی ناوەندی، هەڵبەز و دابەزی نرخی دۆلار و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر بژێویی هاووڵاتییان کرا.

پانێڵەکە بە بەڕێوەبەرایەتیی م. ڤان سامان حاجی ڕەسوڵ (مامۆستا لە بەشی ژمێریاریی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان) بەڕێوەچوو، تێیدا سێ لە شارەزایانی بواری ئابووری و ژمێریاری تێڕوانینەکانی خۆیان خستەڕوو:

دەستێوەردانەکان سەربەخۆیی بانکی ناوەندییان لاواز کردووە

لە دەستپێکی پانێڵەکەدا، پ. د. یونس عەلی ئەحمەد (مامۆستا لە کۆلێجی کارگێڕی و ئابووری لە زانکۆی سلێمانی) ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە بەپێی یاسا بانکی ناوەندیی عێراق دەستەیەکی سەربەخۆیە، بەڵام لە واقیعدا دەستێوەردانی سیاسیی ناوخۆیی و کۆنتڕۆڵی دەرەکی—بە تایبەت لە لایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە بەسەر دۆلاری عێراقدا—ڕۆڵی ئەم بانکەی پەکخستووە. ناوبراو ڕەخنەی لە دزەکردنی بڕیار و زانیارییە داراییەکان پێش دەرچوونی فەرمییان گرت، کە وادەکات تەنها دەستکەوت بۆ چەند کەس و گروپێکی دیاریکراو مسۆگەر بکات لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی گشتی.

باجی ناجێگیریی نرخی دراو لە ئەستۆی هاووڵاتییاندایە

لای خۆیەوە، پ. ی. د. بەهار خالد مصطفی (مامۆستا لە کۆلێجی کارگێڕی و ئابووری لە زانکۆی سلێمانی) تیشکی خستە سەر کێشەی ئابووریی عێراق وەک وڵاتێکی بەکاربەر و هاوردەکار و ڕایگەیاند: بەهۆی ئەوەی کۆمپانیا ناوخۆییەکان کاڵاکانیان بە دۆلار هاوردە دەکەن، هەر بەرزبوونەوەیەک لە نرخی ئاڵوگۆڕدا دەبێتە هۆی گرانبوونی تێچوو، لە نەبوونی کلتووری پاراستنی دارایی و ژمێریاریشدا (التحوّط) لە بانکە ناوخۆییەکاندا، لە کۆتاییدا هاووڵاتیی کەمدرامەت باجی ئەو گرانییە دەدات.

بڕیارە کتوپڕەکان بازاڕیان شڵەژاندووە

دواتر، د. بیلال ڕەئوف ساڵح (شارەزای بواری ئابووری) ڕەخنەی لە نەبوونی پلانی پێشوەختە و ئامادەکاریی پێویست گرت پێش دەرکردنی بڕیارە داراییەکان لەلایەن حکومەتەوە و وتی: "بەهۆی نەبوونی کۆگای ستراتیژیی کاڵا و کۆتوبەندە داراییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، دەستەوەستانییەک لە ئامرازەکانی بانکی ناوەندی و حکومەتدا دروست بووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان و سەقامگیرکردنی بازاڕ".

لە بەشێکی دیکەی پانێڵەکەدا، دەرگای پرسیار و گفتوگۆ بۆ بەشداربووان واڵا کرا و چەندین سەرنج لەسەر داهاتووی دارایی و ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کران. لە کۆتاییشدا، لە پای بەشداریی زانستی و پێشکەشکردنی دیدگاکانیان، بڕوانامەی ڕێزلێنانی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان پێشکەش بە پانێڵیستەکان کرا.

شایەنی باسە، پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان لە پاڵ پرۆسەی فێرکاری، بەردەوام وەک سەکۆیەکی زیندووی ئەکادیمی ڕۆڵ دەگێڕێت لە خستنەڕووی کێشە چارەنووسسازەکان و پێشکەشکردنی چارەسەری زانستی بۆ کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.

بینراو : 234