Image

پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان سیمپۆزیۆمی زانستیی ڕۆژی بێهۆشکاری بەڕێوەبرد

ڕێکەوت : 19 - Oct - 2026

سلێمانی – ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بێهۆشکاری و بە مەبەستی بەستنەوەی زانستی تیۆری بە ژینگەی کارکردنی پراکتیکی لە نەخۆشخانەکاندا، پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان (KTI) بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، هۆبەی یاریدەدەرانی بێهۆشکاری و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی (SPU)، سیمپۆزیۆمێکی زانستیی بەرفراوانی لەژێر ناونیشانی:

سیمپۆزیۆمەکە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، لە هۆڵی کۆنفرانسی شێخ فاخر شێخ طیب قەیوانی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای تەندروستی، نوێنەرانی سەندیکا و ڕێکخراوەکان، سەرۆک زانکۆکان، پزیشکانی پسپۆڕ، مامۆستایان و خوێندکاران بەڕێوەچوو. سپۆنسەری مەراسیمەکە لەلایەن هەریەک لە براندەکانی (DARIO) و چێشتخانەی (The Station) ئەنجامدرابوو و دەزگای میدیایی (کوردسات) سپۆنسەری میدیایی بوو.

بڕگە و چالاکییەکانی سیمپۆزیۆمەکە:

١. مەراسیمی دەستپێک و وتارە فەرمییەکان:

سیمپۆزیۆمەکە بە پێشکەشکاریی خاتوو دیان هۆگر دەستی پێکرد. لە دەستپێکدا وتاری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی لەلایەن بەڕێز کەمال عەبدولڕەحمان (لێپرسراوی هۆبەی بێهۆشکاری) و د. سەرخێڵ ئاراز (جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی) پێشکەشکران، بە دوای ئەوانیشدا کورتە ڤیدیۆیەکی ڕاهێنانی پراکتیکی فێرخوازانی پەیمانگە لە نەخۆشخانەکان پەخشکرا، پاشان وتەی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لەلایەن بەڕێز هاوژین عوسمانەوە پێشکەش کرا.

٢. وتاری سەرەکی (Keynote Address):

لە وتاری سەرەکیدا، د. گۆنا ئەحمەد م. عەلی (مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی – زانکۆی سلێمانی) بابەتێکی زانستیی گرنگی پێشکەش کرد لەژێر ناونیشانی «ڕاهێنان بکە پێش ئەنجامدان: هاوشێوەکاری (Simulation) وەک پردێک لە نێوان زانین و لێهاتووییدا»، کە تێیدا جەختی لە گرنگیی بەکارهێنانی تەکنیکی سیمیولەیشن کردەوە لە پێگەیاندنی کادیرانی بێهۆشکاریدا.

٣. پانێڵی یەکەم (Panel 1):

لەژێر ناونیشانی «لەودیو لایەنی تەکنیکییەوە: پەیوەندیکردن لەژێر فشار، لێهاتووییە نەرمەکان و کاری دەستەجەمعی لە ژینگەی کارکردنی بێهۆشکاریدا» بەڕێوەچوو.

• بەڕێوەبەری پانێڵ: م. بژوێن ئاراز بەهادین

• پانێلیستەکان: پ. ی. د. بەرهەم محەمەد، د. باخان محەمەد، و م. پشتیوان تۆفیق ڕەشید.

پانێڵەکە تیشکی خستە سەر بەڕێوەبردنی فشارە دەروونییەکان، پەیوەندیکردنی دروست لە ژووری نەشتەرگەری و لایەنە یاسایی و کارگێڕییەکانی کەرتی تەندروستی.

٤. پڕۆژەی فێرخوازان و سیمیناری زانستی:

لە بەشێکی سیمپۆزیۆمەکەدا، پڕۆژەی داهێنەرانەی خوێندکارانی بەشی بێهۆشکاری نمایش کران، هەروەها سیمینارێکی تایبەت لەلایەن خوێندکار محەمەد عومەر قادر (خوێندکاری بەشی بێهۆشکاری لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی) پێشکەش کرا.

٥. پانێڵی دووەم (Panel 2):

لەژێر ناونیشانی «پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان خوێندنی ئەکادیمی و پراکتیکی کلینیکی لە بێهۆشکاریدا» بەڕێوەچوو.

• بەڕێوەبەری پانێڵ: م. ڕەیان عەبدولڕەحمان قادر

• پانێلیستەکان: پ. ی. د. کەمال جەلال ڕەشید، د. عیماد ئەحمەد حەمە حسێن، و پ. د. هێوا عومەر ئەحمەد.

لە پانێڵەکەدا گفتوگۆی چڕ لەسەر گونجاندنی پرۆگرامەکانی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان لەگەڵ پێداویستییە نوێکانی نەخۆشخانەکان کرا بۆ ئەوەی دەرچووان ڕاستەوخۆ ئامادەی ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆش بن.

لە کۆتایی سیمپۆزیۆمەکەدا، بڕوانامەی ڕێزلێنان و سوپاس و پێزانین پێشکەش بە قسەکەری سەرەکی، بەڕێوەبەرانی پانێڵ، پانێلیستەکان و سپۆنسەرەکان کرا و دەستخۆشی لە لیژنەی ئامادەکار کرا بۆ سەرخستنی ئەم دەستپێشخەرییە زانستییە گرنگە لە کەرتی تەندروستیدا.

بینراو : 236