Image

بە هاوبەشی لەگەڵ نەخۆشخانەی هیوا؛ پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان سیمپۆزیۆمی "لە پشت هێماکانەوە"ی بەڕێوەبرد

ڕێکەوت : 19 - Oct - 2026

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی مانگی هۆشیاریی شێرپەنجەی مەمک (ئۆکتۆبەری پەمەیی)، بەشی پەرستاری لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ نەخۆشخانەی هیوا، سیمپۆزیۆمێکی زانستی و هۆشیاریی بەرفراوانی لەژێر ناونیشانی "لە پشت هێماکانەوە" (Beyond the Ribbon) لە هۆڵی کۆنفرانسی شێخ فاخر شێخ طیب قەیوانی لە بەرزاییەکانی سلێمانی سازکرد.

مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە پزیشکانی پسپۆڕ، کەسایەتییە ئەکادیمییەکان، توێژەران، مامۆستایان و خوێندکاران بەڕێوەچوو، کە تێیدا لە چەندین تەوەرەی پزیشکی، دەروونی و زانستیدا تیشک خرایە سەر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، دەستنیشانکردنی پێشوەختە و پشتیوانیکردنی دەروونیی تووشبووان.

سیمپۆزیۆمەکە بە وتەی بەخێرهاتنی ڕاگرایەتیی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان دەستی پێکرد، پاشان لە وتاری سەرەکیدا (Keynote Topic)، د. زەردەشت بەکر محەمەد، وتەبێژی نەخۆشخانەی هیوا، وتارێکی لەژێر ناونیشانی "شێرپەنجەی مەمک لە هەرێمی کوردستان: لە ژمارەکانەوە بۆ هیوا" پێشکەش کرد و ئامار و هەنگاوە نوێکانی ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکەی لە هەرێم خستەڕوو.

کارنامەی سیمپۆزیۆمەکە لە دوو پانێڵی زانستی و وۆرکشۆپێکی تایبەت پێکهاتبوو:

  • پانێڵی یەکەم (جەنگ لەگەڵ گەردەلوول: لە دەستنیشانکردنەوە بۆ چارەسەر): بە سەرپەرشتی م.ی. بنار حەسەن ساڵح، و بە بەشداریی پزیشکانی پسپۆڕ (د. ژیان خەلیل مەحموود، د. دیدار فایەق حەمید، د. شاد محەمەد مستەفا) بەڕێوەچوو؛ تێیدا گرنگیی پشکنینی پێشوەختەی مامۆگرافی، شێوازە نوێکانی دەستنیشانکردن و پرۆتۆکۆلەکانی چارەسەر گفتوگۆیان لەسەر کرا.

  • پانێڵی دووەم (لاپەڕەیەکی نوێ: باوەشکردنەوە بە ژیان لە دوای چارەسەر): بە سەرپەرشتی ساهان فریا عومەر، بە بەشداریی (د. ئەفرام محمد حسن، د. ڕۆژگار ڕەشید عەلی، م. ڕێزان نورەدین حەسەنی وەک مامۆستا و ڕزگاربووی نەخۆشییەکە) پێشکەشکرا؛ تێیدا جەخت لەسەر ئاشتبوونەوە لەگەڵ جەستە و چاکبوونەوەی دەروونی لە قۆناغی دوای تێپەڕاندنی نەخۆشییەکە کرایەوە.

  • وۆرکشۆپی پڕاکتیکی: لە بەشی کۆتاییدا لەلایەن د. ئاڤان محەمەد حوسێن، پزیشکی نەخۆشییەکانی مەمک، وۆرکشۆپێکی تایبەت و گرنگ لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی "پشکنینی خودیی مەمک" بۆ خانمانی بەشداربوو بە شێوەیەکی کرداری ئەنجامدرا.

لە کۆتایی سیمپۆزیۆمەکەدا، بڕوانامەی ڕێزلێنان بەخشرا بە پانێڵیستان، وتاربێژان و سپۆنسەرانی فەرمیی سیمپۆزیۆمەکە (High Quality Hospitals - Anwar Shekha Medical City) و (Bake House) بۆ ڕۆڵ و پشتیوانییە بەردەوامەکانیان لە سەرخستنی ئەم ئیڤێنتە مرۆیی و تەندروستییەدا.

بینراو : 205