Image

دووەمین وۆرکشۆپ لەسەر دیزاینکردن و جێبەجێکردنی ڕووبریک بۆ ستافی ئەکادیمیی پەیمانگە بەڕێوەچوو

ڕێکەوت : 10 - Sep - 2026

لە چوارچێوەی زنجیرە چالاکییە زانستی و ڕاهێنکارییەکاندا، ڕۆژی چوارشەممە (٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦)، لە هۆڵی کتێبخانە، دووەمین وۆرکشۆپی ڕاهێنان بۆ مامۆستایان و ستافی ئەکادیمیی پەیمانگە لەژێر ناونیشانی دیزاینکردن و جێبەجێکردنی ڕووبریکی هەڵسەنگاندنی چالاکییەکان بەڕێوەچوو.

وۆرکشۆپەکە بۆ ماوەی سێ کاژێر (لە کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی تا ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ) بەردەوام بوو. سەرەتای دانیشتنەکە تیشکی خستەسەر ئەزموونی ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنی سیستەمەکە لەسەر ئاستی پەیمانگە، کە دەریخستبوو زۆربەی ئاستەنگەکان لە قۆناغی دیزاینکردنی ڕووبریکدابوون نەک لە خودی پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکەدا؛ بۆیە ئەم وۆرکشۆپە کارکردنی لەسەر ئەو پرەنسیپە دانا کە: پێویستە ڕووبریک سەرەتا بە دروستی دیزاین بکرێت، ئینجا دیجیتاڵی بکرێت.

لە بەشەکانی تری وۆرکشۆپەکەدا، بە شێوازێکی پراکتیکی ئەم تەوەرە سەرەکییانە بۆ بەشداربووان ڕوونکرانەوە:

چۆنیەتیی بەکارهێنانی ڕووبریک بۆ بەهێزکردنی دادپەروەری، یەکدەنگی لە نمرەدان، و پێدانی فیدباکی ڕاستەقینە بە فێرخوازان.

جیاکردنەوەی پێوەرەکان لە ئاستەکانی ئەدا، و ناسینی جیاوازیی نێوان ڕووبریکی شیکاری (Analytic) و گشتگیر (Holistic).

شێوازی داڕشتنی وەسفکارییە وردەکان (Descriptors) بە جۆرێک کە هەموو هەڵسەنگێنەرێک بتوانێت بە یەکسانی نمرەی پێ دابنێت.

بەستنەوە و هاوتاکردنی پێوەرەکانی ڕووبریک بە دەرئەنجامەکانی فێربوونی کۆرسەکە (CLOs) و جێگیرکردنی لەناو کۆرس‌بووکدا.

دابەشکردنی دادپەروەرانەی نمرە بەسەر پێوەرەکان و چۆنیەتیی بڕیاردان لەسەر نمرە سنورییەکان (Borderline).

گواستنەوە و تۆمارکردنی دروستی ڕووبریکە تەواوکراوەکە بۆ ناو پلاتفۆرمی ئۆنلاینی پەیمانگە.

لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، لە کەشێکی زانستیدا دەرگای گفتوگۆ و پرسیار بۆ مامۆستایان کرایەوە بە مەبەستی گۆڕینەوەی بیروڕا و زیاتر دەوڵەمەندکردنی پرۆسەی هەڵسەنگاندنی ئەکادیمی لە پەیمانگەدا.

بینراو : 214