Image

ڕۆژئاوا تەنیا نییە؛ هەڵوێستی نیشتیمانیی خێزانی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان

ڕێکەوت : 24 - Jan - 2026

لە پێناو دەربڕینی هاوسۆزی و پشتگیریکردن لە خۆڕاگریی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ پێنج شەممە بە ئامادەبوونی ڕاگر، مامۆستایان، فەرمانبەران و فێرخوازانی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان، چالاکییەکی جەماوەری و نیشتیمانی بەڕێوەچوو.

لەم چالاکییەدا کە ئامانج لێی نیشاندانی یەکڕیزیی نەتەوەیی و پاڵپشتیکردنی خەباتی ڕەوای ڕۆژئاوا بوو دژی داگیرکاری، چەند بڕگەیەکی جۆراوجۆر پێشکەش کران. لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، بەڕێز پ.ی.د. ڕێبوار ملا نبی ڕاگری پەیمانگە وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر گرنگیی ڕۆڵی ناوەندە ئەکادیمییەکان لە هۆشیارکردنەوەی نەوەی نوێ بەرامبەر بە دۆزی ڕەوای کورد.

ئاماژەی بەوە کرد کە خەباتی ڕۆژائاوا تەنیا بەرگرییەکی سەربازی نییە، بەڵکو خەباتی پاراستنی شوناس و سەلماندنی "بکەربوونی" ژن و مرۆڤی کوردە لە مێژووی هاوچەرخدا.

لە بەشێکی تری چالاکییەکەدا، فێرخوازێکی خەڵکی قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بە نوێنەرایەتی هاوڕێیانی، وتەیەکی پێشکەش کرد.

ناوبراو وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەم هەڵوێستە نیشتیمانییەی مامۆستایان و فێرخوازان، ڕایگەیاند کە ئەم پاڵپشتییانە ورەی خەڵکی ڕۆژئاوا بەرزتر دەکاتەوە و پێیان دەڵێت کە تەنیا نین.

یەکێک لە دیمەنە هەرە سەرنجڕاکێش و سیمبوڵییەکانی ناو چالاکییەکە، گوزارشتکردن بوو لەو ئیرادە پۆڵایینەی کە لە دروشمی «ئەگەر کەزییەک ببڕدرێت، ملیۆنان کەزی دروست دەکرێت» کورت دەبێتەوە؛ وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە هیچ هێز و داگیرکارییەک ناتوانێت ئیرادەی ئازادیخوازیی ژنان و گەلی کورد لەناو ببات، بەڵکو هەر قوربانییەک دەبێتە هەوێنی ڕاپەڕین و گەشەکردنی ملیۆنان مرۆڤی تر.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، بە چەندین وتار و سروودی نیشتیمانی و جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی خەبات و پشتگیرییەکان، کۆتایی بە چالاکییەکە هێنرا. ئامادەبووان بە یەکدەنگی دووپاتیان کردەوە کە خەمی ڕۆژئاوا خەمی هەموو کوردستانە و پشتیوانیکردنی ئەو خەباتە ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆییە.

بینراو : 58