Image

پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان و دامەزراوەی ڤیژن برەو بە کاری هاوبەشی زانستی دەدەن و یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن

ڕێکەوت : 24 - Nov - 2025

ISO 9001-2015

یەکشەممە (٢٣ی ١١ی ٢٠٢٥)، پ.ی. د. ڕێبوار مەلا نەبی، ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی "دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ستراتیجی" کرد، کە بە سەرۆکایەتیی عەدنان عوسمان، سەرۆکی دامەزراوەکە سەردانی پەیمانگەیان کردبوو.

لە دیدارەکەدا، گفتوگۆی تێروتەسەل کرا لەبارەی میکانیزمەکانی هەماهەنگی و ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی لە داهاتوودا، بەتایبەت لە بوارەکانی توێژینەوەی زانستی، پەرەپێدانی ئەکادیمی و پرۆسەی داڕشتنی سیاسەت (Policy Making).

لای خۆیەوە، ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی بە بوونی دامەزراوەیەکی پیشەیی وەک "ڤیژن" لە پارێزگای سلێمانی دەربڕی و ئامادەیی تەواوی پەیمانگەی نیشاندا بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک لەپێناو سازدانی کۆڕبەند و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی هاوبەش.

وەک دەرەنجامی کۆبوونەوەکە و بۆ ڕێکخستنی کارەکان، هەردوولا بڕیاریاندا لە ئاییندەیەکی نزیکدا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن (MoU) لەنێوانیاندا واژۆ بکرێت، تاوەکو ببێتە چوارچێوەیەک بۆ کار و پرۆژە هاوبەشەکانی داهاتوویان.

بینراو : 336