بازدانێکی نوێ لە ڕیزبەندییە جیهانییەکاندا...

ڕێکەوت : 11 - Oct - 2025
لە درێژەی دەستکەوتە زانستی و ئەکادیمییەکانیدا، پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان پێشهاتێکی مێژوویی تۆمار دەکات و بۆ یەکەمجار دەچێتە ناو ڕیزبەندیی بەناوبانگی زانکۆکانی جیهان (Times Higher Education World University Rankings) بۆ ساڵی ٢٠٢٦. ئەم دەستکەوتە پەیمانگەکەمان دەکاتە یەکەمین و تاکە پەیمانگەی تەکنیکی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بگاتە ئەم پێگە نێودەوڵەتییە.
پەیمانگەکەمان بە بەدەستهێنانی پلەی "Reporter" لەم ڕیزبەندییەدا، بە فەرمی وەک بەشداربوویەکی کارا لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنە جیهانییەکاندا ناسێنراوە.ئەم پلەیە دەرخەری ئەوەیە کە دامەزراوەکەمان داتاکانی خۆی پێشکەش کردووە و کار لەسەر پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەکات، کە ئەمەش هەنگاوێکی ستراتیژییە بەرەو بەدەستهێنانی ڕیزبەندی تەواو لە ساڵانی داهاتوودا.
????گرنگیی ئەم دەستکەوتە لە چەند خاڵێکدا خۆی دەبینێتەوە:
• بەرزیی پێگەی نێودەوڵەتی: ناساندنی پەیمانگەکەمان لەسەر ئاستی ئەکادیمیی جیهانی و پتەوکردنی پێگەی زانستییەکەی.
• دانپێدانان بە کوالیتی: ئەم هەنگاوە دانپێدانانە بە کوالیتی بەرزی فێرکردن، ئاستی توێژینەوەی زانستی و کاریگەریی پەیمانگەکەمان لەسەر کۆمەڵگا.
• هەنگاوێکی مێژوویی: ئەمە یەکەمجارە پەیمانگەیەکی تەکنیکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بتوانێت بگاتە ئەم ئاستە لە ڕیزبەندییەکدا کە بە یەکێک لە سێ گرنگترین ڕیزبەندییەکانی جیهان دادەنرێت.
جێی ئاماژەیە، ئەم سەرکەوتنە درێژکراوەی هەوڵە بەردەوامەکانی پەیمانگەیە، دوای ئەوەی لە(٩ی تەمموزی ٢٠٢٥) بۆ یەکەمجار توانی پێگەیەکی بەرز لە ڕیزبەندیی (Impact Ranking)ی هەمان دامەزراوەدا بەدەست بهێنێت، کە تایبەتە بە کاریگەریی زانکۆ و پەیمانگەکان لەسەر گەشەپێدانی بەردەوام.
ئێمە بەوپەڕی هیواوە لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی بەرزتر لە ڕیزبەندیی ساڵی ٢٠٢٦ و ساڵانی دواتردا. ئەم دەستکەوتە پیرۆزی سەرجەم مامۆستایان، فەرمانبەران و فێرخوازانی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان بێت، کە بەرهەمی ماندووبوون و دڵسۆزیی هەموو لایەکە.
پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان بونیادنانی داهاتوو ، بە دانپێدانانێکی جیهانییەوە....

2023 © پارێزراوە لە لایەن KTI
Visitor : 1497257