Image

ڕاگرایەتی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان پیرۆزبایی لە بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەكات

ڕێکەوت : 14 - Apr - 2025

بەبۆنەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەوە، ڕاگرایەتی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان و هەڵەبجەییەکان دەکات و ئەم بڕیارە بە بڕیارێکی گرنگ‌ و مێژوویی‌ و ئارامکەرەوەی ڕۆحی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە وەسف دەكات. كە ئەمەش دەقەكەیەتی:

بە بۆنەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، وەک چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان و پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە وەك (١٩)هەمین پارێزگای عێراق، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم خەڵکی کوردستان بە گشتی دانیشتوانی هەڵەبجە و  هەڵەبجەییە سەربەرزەکان بە تایبەتی دەکەین، هیوادارين ئەم بڕیارە ببێتە مایەی كەمکردنەوەی بەشێک لە ئازارەكانی ئەم شارە، كە بەداخەوە لەلایەن ڕژێمی بەعسی لەناوچووەوە چەندین جار دوچاری ئاستەنگ‌ و ماڵوێرانی بووەتەوە، لەوانە كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨.

وەك ڕاگرایەتی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان دەستخۆشی لە هەموو ئەو كەس‌ و لایەنەكانە دەكەین كە ڕۆڵی هەبووە لە تێپەڕاندنی ئەم پرۆژە یاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هەمان کاتدا خۆمان بە هاوبەشی دڵخۆشی خەڵکی هەڵەبجە دەزانین‌ و هیوادارین ئەم بڕیارە سەرەتایەكی گرنگ بێت بۆ گەیاندنی دەستی ئاوەدانكردنەوە و بوژاندنەوەی ژێرخان و سەرخانی پارێزگای هەڵەبجە. دوبارە پیرۆزبێت ڕۆژی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.

جێی ئاماژەیە شاری هەڵەبجە:

-         یەكێكە لە دێرینترین قەزاكانی كوردستان‌ و لە ساڵی (١٨٨٩) بە ڕەسمی بووە بەقەزا.

-         لەساڵی (١٩٩١) لەلایەن پەڕلەمانی كوردستانەوە وەك پارێزگا ناسێنراوە.

-          لە ساڵی (٢٠١٤) لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بڕیاری بە پارێزگابوونی بۆ دەرچووە.

-          ڕۆژی ١٣ی ئازاری ٢٠٢٣، پڕۆژە یاسای بە پارێزگاربوونی هەڵەبجە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەندكرا و پاشان ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كرا.

-          ڕۆژی ١٤ی نیسانی ٢٠٢٥، پڕۆژە یاساكە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەنگدانی كۆتایی لەسەردرا و پەسەند كرا.

-         پارێزگای هەڵەبجە لە قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەكانی (خورماڵ، بیارە، بەمۆ‌ و سیروان) پێكهاتووە.

ڕاگرایەتی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان

١٤/٤/٢٠٢٤

بینراو : 1375