Image

لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان پانێڵی زانستیی (ڕۆبۆتیک و ئۆتۆمەیشن (AI): لێهاتووییەکانی سبەی، دەرفەتەکانی ئایندە) بەڕێوەچوو

ڕێکەوت : 12 - Oct - 2026

لە چوارچێوەی چالاکییە زانستی و ئەکادیمییە بەردەوامەکانیدا، بەشی تەکنەلۆجیای ڕۆبۆت و ئۆتۆمەیشن لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان پانێڵێکی زانستیی تایبەتی لەژێر ناونیشانی:

«ڕۆبۆتیک و ئۆتۆمەیشن (AI): لێهاتووییەکانی سبەی، دەرفەتەکانی ئایندە»

لە هۆڵی کۆنفرانسی شێخ فاخر شێخ تەیب قەیوانی، بە ئامادەبوونی ڕاگرایەتیی پەیمانگە، مامۆستایان، پسپۆڕانی کەرتی پیشەسازی و ژمارەیەکی بەرچاو لە فێرخوازان ئەنجامدا.

تەوەرەکانی پانێڵەکە:

لە میانی پانێڵەکەدا، تیشک خرایە سەر گرنگی و پێگەی تەکنەلۆجیای ڕۆبۆت، سیستەمە ئۆتۆماتیکییەکان و زیرەکی دەستکرد (AI) وەک یەکێک لە نوێترین و پڕداواکاریترین بوارەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا. پانێڵیستەکان بە شێوەیەکی ورد باسیان لە چۆنیەتی داڕشتنی پرۆگرامی خوێندنی بەشەکە (Syllabus) کرد، بە جۆرێک کە ڕاستەوخۆ وەڵامدەرەوە و چارەسەرکەری کێشە تەکنیکی و پیشەسازییەکانی ئێستای بازاڕی کار بێت. هاوکات جەختکرایەوە لەسەر ئەو دەرفەتە زێڕینانەی لەبەردەم دەرچووانی ئەم بەشەدان بۆ دەستکەوتنی کار لە کارگە پێشکەوتووەکاندا، یان دامەزراندنی پڕۆژە و کاری سەربەخۆی خۆیان لە بواری سیستمە هۆشمەندەکاندا.

پانێڵیستەکان:

م. برزو تاهیر محەمەد - سەرۆکی بەشی تەکنەلۆجیای ڕۆبۆت و ئۆتۆمەیشن لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان.

فەردین مەجید عەلی - جێگری بەڕێوەبەری چاککردنەوە و چاکسازی لە کۆمپانیای مایا.

بەڕێوەبەری پانێڵ:

م. ڕیام علا‌ جونی - مامۆستا لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان.

لە بەشی کۆتایی پانێڵەکەدا، دەرگای پرسیار و گفتوگۆ بۆ بەشداربووان کرایەوە و دواتر لەلایەن ڕاگرایەتیی پەیمانگەوە بڕوانامەی ڕێزلێنان پێشکەش بە پانێڵیستەکان و بەڕێوەبەری پانێڵەکە کرا لە پای دەوڵەمەندکردنی چالاکییەکە بە زانیارییە بەنرخەکانیان.

بینراو : 242