مامۆستایەکی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان وەک «ڕاهێنەر و مێنتۆر» بەشداری لە پرۆگرامێکی نێودەوڵەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا دەکات

ڕێکەوت : 12 - Aug - 2026
لە دەستکەوتێکی ئەکادیمی و نێودەوڵەتی نوێدا بۆ پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان، م. ڕامیار محەمەد سلێمان، سەرۆکی بەشی تەکنەلۆژیای تاقیگە پزیشکییەکان (MLT) و کۆردینەیتەری متمانەبەخشین لە پەیمانگە، خولی ساڵی ٢٠٢٦ی پڕۆگرامی جیهانیی « پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی بەشداریی کۆمەڵایەتی» (Community Engagement Exchange – CEE)ی بە سەرکەوتوویی تەواو کرد؛ بەڵام ئەمجارەیان نەک وەک بەشداربوو، بەڵکو وەک ڕاهێنەر و مێنتۆرێکی نێودەوڵەتی (Mentor).
پڕۆگرامی CEE لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و لەلایەن ڕێکخراوی
نێودەوڵەتی IREX
جێبەجێ دەکرێت. پرۆگرامەکە ڕابەران و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەرانسەری جیهانەوە
دەباتە ئەمریکا بۆ مەشقی پیشەیی. بە پێچەوانەی بەشداربووانەوە، ڕاهێنەران (Mentors) بە ژمارەیەکی زۆر کەمتر و لە نێوان ئەو شارەزا و ئەکادیمیانە هەڵدەبژێردرێن
کە ئەزموونی سەرکەوتوویان لە بواری خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا لە وڵاتی خۆیاندا هەیە.
شەش چالاکوان، شەش وڵات، شەش پرۆژە
لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەیەدا، سەرپەرشتیکردن و ڕاهێنانی
شەش سەرکردەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شەش وڵاتی جیاوازەوە ئەسپێردرا بە م. ڕامیار. ئەرکی
ناوبراو بریتی بوو لە پێشکەشکردنی ڕاهێنانی تاکەکەسی، چاودێریکردنی مەشقی پیشەیی
هاوەڵەکان لە ئەمریکا بۆ ماوەی ٣ مانگ، و هەڵسەنگاندنی پرۆپۆزاڵ و پرۆژە کۆمەڵایەتییەکانیان
کە لە وڵاتەکانی خۆیاندا جێبەجێی دەکەن.
کۆبوونەوەی لووتکە لە واشنتن و بەرزکردنەوەی ئاڵای
کوردستان
پرۆگرامەکە بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی لووتکەیی فەرمی
لە واشنتن دی سی (Washington, D.C.)
کۆتایی هات. لە ئاهەنگی کۆتایی و بەخشینی بڕوانامەکاندا، م. ڕامیار محەمەد سلێمان بڕوانامەی
تەواوکردنی ڕاهێنەرایەتی پرۆگرامەکەی پێبەخشرا. لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا و لە وێنەی
کۆتایی بەشداربوواندا، ئاڵای هەرێمی کوردستان لە پەنای ئاڵای وڵاتانی بەشداربووی جیهان
بەرزکرایەوە.
دەربارەی م. ڕامیار محەمەد سلێمان
م. ڕامیار ئاکۆ خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانکۆی ئەبەردینی
بەریتانیا وەک خوێندکاری خەڵاتی چێڤنینگ (Chevening)ی حکومەتی بەریتانیا، و خاوەنی ٤ توێژینەوەی زانستی بڵاوکراوەیە.
ناوبراو نوێنەری عێراقە لە تۆڕی ئەلومنیای پڕۆگرامی CrossCultureی
دەزگای ifaی
ئەڵمانی (٢٠٢٦–٢٠٢٨) و بەشداربووی پێشووی پرۆگرامی IYLEP بووە. لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان، م. ڕامیار ڕابەرایەتی پرۆسەی
وەرگرتنی متمانەبەخشینی نێودەوڵەتی پێنج ئەستێرەی (IEAC)ی کردووە بۆ پەیمانگەکە.

2023 © پارێزراوە لە لایەن KTI
Visitor : 2129795