Image

ڕێوڕەسمی ساڵانەی ڕێزلێنان لە نایابیی ئەکادیمی و بەرهەمداریی زانستی لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان

ڕێکەوت : 05 - Feb - 2026

ISO 9001-2015

ئەمڕۆ(٥ی شوباتی ٢٠٢٦) لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی پ.ی.د. ڕێبوار ملا نبی، ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان و ئەندامانی ئەنجومەنی پەیمانگە و مامۆستایان و فەرمانبەران، مەراسیمی ساڵانەی ڕێزلێنان لە ستافی زانستی و ئەکادیمی پەیمانگە بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، پ.ی.د. ڕێبوار ملا نبی، ڕاگری پەیمانگە، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر ئەو دەستکەوتە مێژوویی و نێودەوڵەتییانەی کە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا بەدەستی هێناون، بەتایبەت جێگیربوونی ناوی پەیمانگە لە ڕیزبەندییە جیهانییەکانی وەک "تایمزی بەریتانی"و چەندین ناوەندی دیکە.

ڕاگری پەیمانگە جەختی لەوە کردەوە کە توێژینەوەی زانستی بڕبڕەی پشتی پێشکەوتنی هەر ناوەندێکی ئەکادیمییە و ڕایگەیاند: "ئێمە تەنها لەم ئاستەدا ناوەستین، بەڵکو ستراتیژی داهاتوومان کارکردنە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی ئەکادیمی گەورەتر لەسەر ئاستی جیهان، ئەمەش تەنها بە هەوڵ و شەونخونی توێژەرەکانمان بەدی دێت."

لە بەشێکی تری مەراسیمەکەدا، خەڵاتی ڕێزلێنان و سوپاسنامە بەخشرا بەو مامۆستا و توێژەرانەی کە لە ساڵی ڕابردوودا جێپەنجەیان دیار بووە، کە پۆلێنەکان بەم شێوەیە بوون:

• باشترین توێژەری ساڵ: بۆ ئەو مامۆستایانەی کە بەرهەمی زانستیی بەپێزیان پێشکەش کردووە.

• زۆرترین سایتەیشن (Citations): ڕێزلێنان لەو توێژەرانەی کە توێژینەوەکانیان بووەتە سەرچاوە بۆ توێژەرانی تری جیهان.

• توێژەرانی سکۆپەس (Scopus): دەستخۆشی لەو مامۆستایانەی کە توێژینەوەکانیان لە گۆڤارە جیهانییە ئاستبەرزەکاندا بڵاوکردووەتەوە.

• چالاکترین بەش لە ڕووی دیجیتاڵییەوە: ڕێزلێنان لەو بەشانەی کە وێبسایتەکانیان زۆرترین ڕێژەی سەردانیکەری هەبووە، وەک نیشانەیەک بۆ کارایی لە گەیاندنی زانیاری و خزمەتگوزارییە ئەکادیمییەکان.

ئەم مەراسیمە وەک نەریتێکی ساڵانەی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان ئەنجام دەدرێت، بە ئامانجی هاندانی ستافی ئەکادیمی بۆ بەردەوامبوون لە داهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی هەرێمی کوردستان و ناساندنی تواناکانی ناوخۆ بە ناوەندە زانستییەکانی جیهان.

لە کۆتاییدا، پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان دووپاتی کردەوە کە هەمیشە پشتیوان و هاوکاری توێژەرانی دەبێت بۆ ئەوەی پەیمانگەکە وەک سەکۆیەکی پێشەنگ بۆ زانست و تەکنەلۆجیا بمێنێتەوە.

بینراو : 315